ئاشتی جیهانی و ئیسلام

ئاشتی جیهانی و ئیسلام

ئاشتی جیهانی و ئیسلام

نووسینی: سید قطب

ئەم كتێبە لەنووسینی بیرمەندی جیهانی ئیسلامی سەید قوتبەو، لەلایەن بەڕێز جمعە صدیق كاكە كاری وەرگێڕانی بۆ كراوەو نوسینگەی تەفسیر پێداچوونەوەی بۆ كردووەو یەكێكە لەكتێبە هەرە گرنگەكانی زنجیرەی هزری هاوچەرخی ئیسلامی ژمارە 33.

لەم كتێبەدا نووسەر بەگشتی لەسروشتی ئاشتی لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا دەدوێت و لەم سۆنگەیەش كتێبەكەی دابەشكردووە بەسەر (ئاشتیی ویژدان)، كە تیایدا باس لە ژیربێژی بیروباوەڕ دەكات، واتە: لە ئاینە پیرۆزی ئیسلامدا هیچ سەرلێشێواندن و بەلاڕێدا بردن نییە و بەڵكو هەر لە یەكەم هەنگاودا، ئیسلام ژیربێژی مرۆڤایەتی و بیروباوەڕی ئاینی بەیەكەوە دەبەستێتەوە، هەر لەم بەشەدا باس لەپێداویستی و حەزەكان دەكرێت، كە ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئاشتی و هاوسەنگی دەخاتە نێوان پێداویستیەكانی تاك و حەزە گیانییەكانی، لەلایەكی تر مەسەلەی گوناه و تەوبە لەلایەن نووسەرەوە دەخرێتە بەرباس و لێكۆڵینەوە، كە هەر كاتێك و هەركەسیك بیەوێت دەرگای تەوبە لەئیسلامدا كراوەیە، و جگە لەمەش لەمەسەلەی ئەرك بەسەر دادان و تواناش داهاتووە كە خودای گەورەش هیچكات ئەركێك نادات بەسەر هیچ كەسێكدا كە لەتوانایدا نەبێت. بەمجۆرەش لەڕێگەی دابینكارەكان و دڵنیاكان بۆ هەر تاكێكی موسڵمان ئاسوودەبوون بەخودای گەورە دێتە بەرهەم.

لەبەشێكی تری كتێبەكەدا، نووسەر باس لە ئاشتیی نێو ماڵدا دەكات. كە ئەمەش  سەرەتا بە بەستنی پەیوەندییەكی پیرۆز دەست پێدەكات لەنێوان ژن و مێرد دا، كەئەم پەیوەندیەش بەمەرجەكانی ڕەزامەندیی و شاهێدیی و نیەتی بەردەوامی دێتە بوون. لەلایەكی تر پێویستە ئافرەت خۆی بۆ پیاوی بێگانە دەرنەخات و بۆئەمەش لەئیسلامدا سنوور دانراوەو سنوورەكانیش بەشێكی بۆ ئەوەن كە ڕێگربن لە بلاوكردنەوەی خراپەكاری لەكۆمەلگادا و دواتریش لەدەروون دا، لەلایەكی  تریش باس لە تەڵاق كراوە، كە ئەگەری بێزراوترین حەڵاڵە لەلای خودا، بەڵام پێویستی رێگەی پێدەدات، ئەمیش بێگومان لەپێناوە ئاشتی ناوماڵ و هۆكاری دیكە، جگە لەمەش مەسەلەی چەند ژنیی وەك پێویستیەك هەلوەستەی لەسەر كراوەو ڕوونكراوەتەوە. هەریەك لەم مەسەلانەش دەچنە ژێر هاوبەرپرسیاری خێزان، كە نووسەر لەچوارچێوەی ئەو بەشەدا ڕوونی كردۆتەوە.

ئاشتی كۆمەڵگا، دوای ئاشتی خێزان و ویژدان دێت، ئەمەش پلەبەندی بۆكراوە، كە مرۆڤ ئاشتی بۆ ویژدانی دابین كرد، ئینجا دەتوانێت بگات بە ئاشتی خێزان و كۆمەڵگا. لەم بەشەدا تیشك خراوەتە سەر هەریەك لەمەسەلەكانی ویژدانی و خۆشەویستی و بەزەیی، ئەدەبی دەروونی و كۆمەڵایەتی، هەستكردن بە هاوكاری و یارمەتیدان، ئامانجە بەرزەكانی ژیان، سیستەمی فەرمانڕەوایی، دابینكاریەكانی دادگەری یاسایی، دەستەبەری ئاسایش و سەلامەتی، و هەروەها یەكێكە تر لە بناغە هەرە گرنگەكانی ئاشتی كۆمەڵگا، بریتیە لە هاوسەنگیی كۆمەڵایەتی، كە لە دە بنەمای سەرەكی گرنگ پێكدێت.

دواجار نووسەر بەوەدیهێنانی ئاشتی ویژدان و خێزان و كۆمەڵگا، دەگاتە ئاشتی جیهان. ئەمیش بە ڕوونكردنەوەی نەخشەی ئیسلام بۆ وەدیهێنانی ئاشتی نێودەوڵەتی لەنێوانی مرۆڤەكاندا. دواجاریش هەروەكو وەرگێڕ ئاماژەی پێداوە، ئەم بەشەی كە لەچاپی یەكەم و دووەمی كتێبەكەدا و لەدەقە ئەسڵییەكەدا هەبووەو پاشان لابردراوە، دووبارەو لێرەدا و لەم وەرگێڕانە كوردییە دا بۆی زیادكراوەتەوەو ئەم بەشەش لەژێر ناوی ( والأن – ئەی ئێستا) دایە.

Phone: +9647508180865
Iraq , Erbi, 30m st. Beside Minarah Choli