پزیشك و پزیشكێتی له‌شارستانیه‌تی ئیسلامی‌دا
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كه ده‌رباره‌ی ڕۆڵی شارستانیه‌تی ئیسلامی له پێشكه‌وتنه پزیشكیه‌كاندا.
ئه‌م كتێبه، باس له‌شارستانیه‌تی ئیسلامی ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی پزیشك و پزیشكێتی، كه چۆن سه‌رده‌مێك ئه‌م شارستانیه‌ته خزمه‌تی هه‌موو مرۆڤایه‌تی كردووه‌و گه‌لێ له‌داهێنانی زانا موسڵمانه‌كان تا هه‌نووكه‌ش بۆ مه‌به‌سته هه‌ره گرنگه‌كانی خزمه‌تكردنی مرۆڤ به‌كاردێن.
سه‌ره‌تا كورته باسێك له‌سه‌ر پزیشكێتی میلله‌ته دێرینه‌كان، واته هه‌ر له‌سه‌رده‌می میسۆپۆتامیاوه تا ده‌گاته سه‌رده‌می پڕشنگدارو زێڕینی زانا موسڵمانه‌كان. دواتر یه‌كه یه‌كه‌ی زانایانی داهێنه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه و باس له‌داهێنانه ناوازه‌كانیان ده‌كات و به‌وردی ده‌یانخاته ژێر وردبینی پزیشكێتی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی تیشك خراوه‌ته سه‌ر پزیشكێتی پێغه‌مه‌ر (صلی الله علیه وسلم) و چاره‌سه‌رییه‌كانی. دواتریش به‌پێی مێژوو هه‌ڵده‌كشێ و هه‌موو قۆناغه‌كانی شارستانیه‌تی ئیسلامی وه‌كو ڕووناككهرهوهی جیهانی پزیشكی نیشان ده‌دات و باس له‌جۆری داهێنانه‌كانیان ده‌كات و به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌خاته ڕوو.
شایانی باسه له‌م كتێهدا گرنگی ته‌واو دراوه به شارستانیه‌تی ئه‌نده‌لوس، هه‌روه‌ها به‌جیا تیشك خراوه‌ته سه‌ر ژیان و داهێنانه مه‌زنه‌كانی هه‌ریه‌ك له (ئیبن سینا، ئه‌بوبه‌كری ڕازی، ئیبن به‌یتار، ئیبن نه‌فیس، زه‌هراوی، كیندی، و ئیبن جزار و زۆرانی تر…)